کوردستان24 وادەی راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشکرادەکات

ئاڵای کوردستان و عێراق
ئاڵای کوردستان و عێراق

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی نەوت و غاز رادەگەیەندرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سبەی دووشەممە (3ـی نیسان/ئێپرڵی 2023)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ باسکردنی لایەنی تەکنیکی سەبارەت بە میکانزیمی رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و غاز.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی نیسان/ئێپرڵی 2023)، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەتی عێراق سوورە لەسەر پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە و کارکردن لەسەر نزیکردنەوەی تێڕوانینەکان لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی".

رۆژی شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەکرد، لەیەکتێگەیشتنی ئەم دواییەمان لەگەڵ بەغدا، زەمینەیەکی باشە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەندیدار بە بڕیارەکەی دادگا لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەردەوامی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغداش دووپاتکردەوە.

لە کاتێکدا دوای راگەیاندنی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، رۆژی شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و ئابووری رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، چەند کاتژمێرێک لەڕێگەی ئۆنلاینەوە لەبارەی بڕیاری دادگای فەرەنسا گفتوگۆیان کردووە و لەسەر کۆی پرۆسەکە قسەیان کردووە.

هەروەها رۆژی شەممە (25ـی ئادار/مارسی 2023)، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێم دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان نابێت و لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لەسەر پرسی بودجە و نەوت و گاز، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن".