لە رۆژێکدا 200 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق تۆماردەکرێت

K24  - بەغدا:

رێژەی جیابوونەوە لە عێراقدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، لە رۆژێکدا 200 حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق تۆماردەکرێت.

تەنیا لە ساڵی 2022، نزیکەی 70 هەزار سکاڵای هاوسەران لەدادگاکانی عێراق تۆمارکراوە، بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، تەنیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان 6147 سکاڵای جیابوونەوەیان تۆمارکردووە.

هیند کازم، پارێزەری دۆسیەی خێزانی، بەکوردستان24ـــی راگەیاند، رێژەی جیابوونەوە زۆرترە لەوەی کە بڵاودەکرێتەوە، بەردەوام رۆژانە رێژەکە لەبەرزبوونەوەدایە، بۆیە دەبینین حاڵەتی کوشتن و سواڵکردن زۆربووە، ئەمانەش هەمووی بەهۆی جیابوونەوەیە کە شیرازەی خێزان تێکدەدات.

زەهرا دانیشتووی شاری بەغدایە، یەکێکە لەو کەسانەی کە لەهاوسەری جیابووەتەوە، باس لەهۆکاری جیابونەوەکەی دەکات و دەڵێت: "یەکەم شت لەیەکتێنەگەشتن و جیاوازی تەمەنمان کە لە تەمەنێکی زۆر بچووک هاوسەرگیریم کرد، هۆکاری جیابوونەوەکەمان بوو، هەروەها تەمەنم 18 ساڵبوو، نەمتوانی خوێندن تەواوبکەم، هەردووکمان بچووک بووین و پێکەوە نەگونجاین".

هەروها بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە پەیوەستە بەچەند هۆکارێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بە گوێرەی گوتەی ئەوانەی جیابوونەتەوە، سەختی ژیان و هاوسەرگیری لە تەمنێکی بچووکدا هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی حاڵەتی جیابوونەوە و تێکچوونی شیرازەی خێزانەکان.