نەهرۆ رواندزی وردەکاری رێککەوتنی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە نەوت دەخاتەڕوو
K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات هەنگاوی باش نراوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
نەهرۆ رواندزی لەمیانی بەشدایکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر هەشتی کوردستان24 بە کۆڤان عیزەتی راگەیاند، هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتوون، یەکێک لەو خاڵانە نوێنەرێکی کورد لە کۆمپانیای سۆمۆ دەبێت پاڵپشت بە هەردوو ماددەی 111 و 112ـی دەستووری عێراق کە ماف بە هەرێمی کوردستان دەدات لە پرۆسەی نەوتی عێراقدا بەشداربێت و نوێنەری هەبێت.
نەهرۆ رواندزی گوتیشی، وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە بوونی نوێنەری کورد لە کۆمپانیای سۆمۆ رەزامەندی نیشانداوە، کە چەند پۆستێک بە کورد دەدرێت، لەوانە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوە کرد، لیژنەیەک لە چوار کەس پێکدەهێنرێت دوو کەسیان لە وەزارەتی نەوتی عێراق و دوو کەسی دیکەشیان لە هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەو لیژنەیە تایبەتە بە شێواز و میکانیزمەکانی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و نرخەکەی، بەڵام دەبێت نرخەکەی هەمان نرخی سۆمۆ بێت، هەروەها بانکی ناوەندیی عێراقی هەژمارێک بۆ داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە تایبەتە بەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت و بریتییە لە فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
نەهرۆ رواندزی روونیشی کردەوە، ئەو هەژمارە لەژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت یان لەژێر دەسەڵاتی کەسێک دەبێت کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رادەسپێردرێت، کە ئەویش مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەردەهێنن، بەمەش تەواوی داهاتی ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی نیسان/ئێپرڵی 2023)، سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی نەوت و غاز رادەگەیەندرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سبەی دووشەممە (3ـی نیسان/ئێپرڵی 2023)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ باسکردنی لایەنی تەکنیکی سەبارەت بە میکانزیمی رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و غاز.
هەر ئەمڕۆ (2ـی نیسان/ئێپرڵی 2023)، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەتی عێراق سوورە لەسەر پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە".