پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە حەوت هەزار کورسی خوێندنی بۆ دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا تەرخانکردووە

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەرگای خوێندن بەڕووی حەوت هەزار بۆ دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا دەکاتەوە، لەکاتێکدا دەرچووانی ساڵانی رابردوو تاکو ئێستا هەلی کاریان دەستنەکەوتووە، وەک خۆشیان دەڵێن: "ئەو قوتابییانەی خوێندنی باڵا تەواو دەکەن مەرج نییە دابمەزرێن".

محەممەد عومەر، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە، بەڵام بە بڕوانامەکەی کارێکی باشی دەستنەکەوتووە، بەدوای کردنەوەی دەرگای دامەزراندا دەگەڕێت، لە 2018ەوە چاوی لەهەلی دامەزراندنە، لەگەڵ دەرچووانی دیکە ئەنجوومەنێکیان پێکهێناوە، ئەو ئەنجوومەنە نوێنەرایەتی هەزار دانەمەزراوەی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا دەکات، لەم بارەیەوە بە کوردستان24ـــی راگەیاند، کە زۆربەیان وانەبێژن بە بڕە پارەیکی زۆر کەم،کە ناتوانێ بژێوی ژیانی خۆیانی پێدابین بکەن.

ژاڵە سەعید خەتات، بەڕیوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ کوردستان24 گوتی، 14 زانکۆی حکومی هەیە، کورسی خوێندنی ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمی باڵایان بۆ دابینکراوە، بە گوێرەی خواست و پێداویستی زانکۆکان.

رۆژی چوارشەممە (29ـی ئادار/مارسی 2023)، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند کە لە (2ـی نیسانی 2023 دەستپێدەکات و تاوەکو 18ـی 5ـی 2023.

هەروەها وابڕیارە، تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لە رۆژی 29ـی 5ـی 2023 ئەنجام بدرێت و پرۆسەی خوێندنیش مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستپێدەکات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا، حەوت هەزار و 614 کورسی خوێندنی گشتی و پارالێل بۆ دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا تەرخانکردووە، بەشێوەیەک دوو هەزار و 308 کورسی بۆ دبلۆمی باڵای یەک ساڵە، 160 کورسی بۆ دبلۆمی باڵای دوو ساڵی پیشەیی، سێ هەزار و 312 کورسی بۆ ماستەر و هەزار و 834 کورسیش بۆ دکتۆرا.

Fly Erbil Advertisment