مەندەلاوی: لەدانیشتنی داهاتووی پەرلەمان پڕۆژەیاسای بودجە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت
K24 - هەولێر
شەوی رابردوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە کرا و بڕیاریشە لە دانیشتنی داهاتوودا خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای پارێزگای هەڵەبجە کرد، دواتر دانیشتنەکەیان دواخست بۆ رۆژی سێشەممە.
لە لایەکی دیکەوە موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت: لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکرێت.
بڕیاریشە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە بکەن.