وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و سعوودیه كۆده‌بنه‌وه
K24 - هەولێر:
حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و هاوتا سعوودییه‌كه‌ی، فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی ئاینده‌دا كۆده‌بنه‌وه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێك کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران‌دا بڵاوکراوەتەوە، حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان و فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، له میانی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا دوایین دۆخی رێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و سعوودیه خراوه‌ته به‌رباس و هه‌ردوو وه‌زیر بڕیاریان داوه له چه‌ند رۆژی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك سازبكه‌ن.
هه‌ر لە میانی په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا عه‌بدوڵڵاهیان جه‌ختی له به‌هێزكردن و به‌رده‌وامییدان به رێککەوتنه‌كه كردووه‌ته‌وه و ئاشكرایكردووه کە گفتوگۆ و دیپلۆماتی نێوان سەرکردە و بەرپرسانی هه‌ردوو وڵات گرنگی هه‌یه.
پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان سعوودیه و ئێران كه پێشتر بەهۆی قەیرانی یەمەنەوە لە ئاداری 2015ه‌وه گرژیی به‌خۆوه بینیبوو، به ته‌واوه‌تی پچڕان.
بەرپرسانی ئێران و سعوودیە لە نیسانی 2021دا، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گفتوگۆی راسته‌وخۆ لە بەغدا کۆبوونەوە و دواتریش دانوستانەکان بە نێوەندگیری عێراق درێژه‌یان هه‌بوو.
رۆژی 10ی ئادار به نێوه‌ندگیریی چین، ریاز و تاران له په‌كین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوانیان دوای حه‌وت ساڵ له پچڕانی.