مەشقی سەربازی سێ قۆڵی دژی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور بەرێوەدەچێت
K24 - هەولێر
وەزارەت بەرگری کۆریای باشوور رایگەیاند، هێزی دەریایی کۆریای باشوور و ئەمەریکا و ژاپۆن، بۆ ماوەی دوو رۆژ مەشق لەسەر ژێر دەریاییەکان دەکەن، بۆ بەهێز کردنی تواناکانیان لە رووبەڕووبونەوەی مووشەکە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور.
بڕیارە مانۆڕەکە لە دوورگەی جیجۆی باشووری کۆریای باشوور بەڕێوەبچێت و گرووپێکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی بە سەرۆکایەتیی کەشتیی (یو ئێس ئێس نیمیتز) بەشدار دەبێت کە هەفتەی رابردوو گەیشتە شاری بوسان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.
ئەو مەشقە سێ قۆڵییە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو کۆریای باکوور پەردەی لەسەر ئەتۆمی نوێ و بچووک لادا و بەڵێنی دا کە ماددەی ئەتۆمی زیاتر بەرهەم بهێنێت بۆ بەهێزکردنی جبەخانەکەی، هەروەها شانازی کرد بەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هەیە توانای هێرشی ئەتۆمی لەژێر ئاودا هەیە.
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی کۆریای باشوور، ئەو مانۆڕانەی کە لەم هەفتەیەدا ئەنجام دەدرێن، لە مەشق و راهێنانەکان دژە ژێردەریاییە گەڕۆکەکان بەکاردەهێنرێن، بۆ باشترکردنی تواناکانی پێویست بۆ دەستنیشانکردن و بەدواداچوون و لەناوبردنی هەڕەشەکانی ژێر ئاوی کۆریای باکوور.