ئیسرائیل: "تەنێکی فڕیوو"مان تێکشکاند کە لە سووریاوە رەوانە کرابوو

(ئەرشیف)
(ئەرشیف)

K24 - هەولێر:

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "تەنێکی فڕیووی نەناسراو"یان تێکشکاندووە کە وەکو خۆیان دەڵێن، لە سووریاوە رەوانە کرابوو.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئەماژەی بەوەکردووە، یەکەی چاودێریی ئاسمانیی سەربە هێزە ئاسمانییەکان، "تەنێکی فڕیووی نەناسراو"یان خستووەتە ژێر چاودێری کە دەرکەوتووە لە سووریاوە هاتووەتە ناو کایەی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ژمارەیەک هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگیی تەنە فڕیووەکەیان بەسەر زەوییەکی چۆڵدا خستوویانەتە خوارەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە ئاژانسی میهری ئێرانی کوژرانی دووەم راوێژکاری سەربازی سوپای پاسدارانی لە سووریا راگەیاند.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسە ئێرانییەکە، میقداد مەهقانی، راوێژکاری سەربازی سوپای پاسداران لە دوایین هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆسەر چەند خاڵێکی سەربازی سووریا، بریندار بووە و دواتریش بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) رایگەیاند، شەوی شەممە (1ـی نیسانی 2023)، سوپای ئیسرائیل بە مووشەک چەند ناوچەیەکی لە شاری حومس و دەوروبەری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج، بەڵام سیستەمی بەرگری سوپای سووریا بەرپەرچی هێرشەکەی داوەتەوە و توانیویەتی چەند مووشەکێک بخاتەخوارەوە.

ئەمە نۆیەمین هێرشی مووشەکی سوپای ئیسرائیلە بۆ سەر خاکی سووریا لە سەرەتای ئەمساڵەوە.

میقداد مەهقانی، دووەم راوێژکاری سەربازی سوپای پاسدارانی ئێرانە کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا گیانی لەدەستداوە.

رۆژی 31ـی ئاداری 2023، بەشی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ نزیک شاری دیمه‌شق، پاسدار "میلاد حەیدەری" کە وەک راوێژکار لە سووریا كاری ده‌كرد، گیانی لەدەستدا.