شاندێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ کۆدەبێتەوە

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ تیمێکی تەکنیکی سەردانی بەغدا دەکات و سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و میکانیزمەکانی فرۆشتنی لە داهاتوو گفتوگۆ دەکەن.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە ئەمڕۆ بگاتە بەغدا تیمێکی تەکنیکی و کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوتی هەرێمی کوردستان یاوەریان دەبن، بە چاودێری وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ کۆدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، چونکە لە چەند رۆژی رابردوو بە چاودێری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، شاندی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی چڕ لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردووە و ئەنجامی باشی هەبووە. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتن لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لیژنەیەکی چوار کەسی لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە، دوو ئەندامیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم و دوو ئەندامیش لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیارە لە داهاتوودا ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی هەناردەکردن و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات، بە تەواوی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها هەژمارێکی بانکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراقی بۆ داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و تەنیا یەک کەس دەسەڵاتی راکێشانی پارەکەی هەبێت.
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس 25/3/2023، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن سەردانیان بەغدایان کرد.