لە هێرشێکی چەکداریدا 19 کەس کوژران
K24 - هەولێر
لە هێرشێکی چەکداریدا لە گوندێکی وڵاتی کۆنگۆی دیموکراتی، 19 کەس کوژران و ماڵەکانیشیان سووتاندن.
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی کۆنگۆ رایانگەیاند، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر گوندێکی رۆژهەڵاتی کۆنگۆی دیموکراتی، لانیکەم 19 کەسیان کوشتووە.
دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە رۆژی شەممە، هێرشکارەکان لە پارێزگای کیڤۆی باکوور ماڵەکانیان تاڵان کردووە و دواتر ئاگریان تێبەرداوە.
کاهیندو لیمبۆلا، یەکێکە لە دانیشتووانی گوندەکە کە لە هێرشەکەدا چوار کەس لە کەسوکاری خۆی لەدەستداوە، دەڵێت "نازانم لەگەڵ دوو منداڵەکەم بەرەو کوێ بچم، تەنها خودا دەتوانێت یارمەتیمان بدات".
تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ئەو گوندە رانەگەیاندووە.