جەنەڕاڵێکی ئەمەریکی: لەگەڵ چین لە لێواری شەڕ داین

K24 - هەولێر

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا، سەرچاوەیەکی سەربازی تایوان رایگەیاند، دوورگەکە ئامادەکاری دەکات بۆ وەرگرتنی 400 مووشەکی دژە تانکی جاڤلین، کە لە ئەمەریکا کڕدراوە.

جەنەڕاڵ مارک میلی، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی پێویستە بەردەوام بێت و بەخێرایی باری چەک بۆ تایوان بنێرێت و پشتگیری لە توانا سەربازییەکانی بکات.

هاوکات بەرپرسێکی تایوان ئاماژەی بەوەکرد: ئەمساڵ سوپای وڵاتەکەی 200 مووشەک وەردەگرێت و پێشبینی دەکرێت 200 مووشەکی دیکە لە ساڵی 2024دا وەربگرێت.

رێککەوتنەکە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان ئەمەریکا و تایوانە، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە مانگی تەمموزی 2019 رایگەیاندبوو، کە 1700 مووشەک و ئامێری بێ وایەر لەخۆگرتبوو.

وەزارەتی بەرگری تایوان پێشتر رایگەیاندبوو، کە مووشەکەکانی "جاڤلین" لە ئەمەریکا دروستدەکرێن، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵەکان باسیان لەوە دەکرد کە واشنتن پێشنیاری دروستکردنی ئەو مووشەکانەی لە تایوان کردووە.

ئەم مووشەکانە گونجاون بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی چینی لە دەریاوە،  رێگریکردن لە نیشتنەوەی زرێپۆشەکانیان لەسەر وشکانی و لەسەر زەوییە سەختەکانی دوورگەکە.

میلی بە گۆڤاری (دیفنس وان)ی راگەیاند: "ئێمە زۆر لێدوان و کەشوهەوا دەبینین کە ئەو تێڕوانینە دروست دەکەن کە شەڕ نزیکە، ئێمە لە لێواری شەڕداین لەگەڵ چین، لەوانەیە ئەوە رووبدات".

گوتیشی: "سەرۆکی چین رایگەیاندووە کە دەیەوێت سوپای ڕزگاریخوازی گەل، ئامادەبێت بۆ ئەوەی تا ساڵی 2027،  بە زەبری هێز دەست بەسەر تایواندا بگرێت ئەگەر پێویست بکات".