راگەیەندراوێک لە کوردستان24ــەوە
K24 - هەولێر:
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 راگەیەندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە کە تێیدا هاتووە، "لەلایەن هەندێک لە میدیای سێبەر و پەیجی بێ خاوەن هێرشێکی ناڕەوا کراوەتە سەر کوردستان24، کە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا هاوسەنگی نەپاراستووە، ئێمە لێرەوە بە بینەران، بیسەران و وەرگرانمان رادەگەیێنین، کە کوردستان24 لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، تاوەکو ئێستا باجی راستگۆیی و پیشەییانەی کارەکانی دەدات، هەربۆیە لێرە و لەوێ لەلایەن هەندێک لە میدیا و میدیاکارانەوە پەلامار دەدرێت."
دەقی راگەیەندراوەکەی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24:
راستگۆیی و پاراستنی هاوسەنگی و پیشەییبوون بنەمای کارکردنی دامەزراوەی کوردستان24 ..
دوێنێ یەکشەممە یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لقی سلێمانی راگەیەندراوێکی لەسەر پەلاماردانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایک لەلایەن پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە سلێمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا نیگەرانی لە پەلاماردانەکە و بە ئامانجکردنی وەبەرهێنەران لە سلێمانی دەربڕیبوو، ئێمە لە دامەزراوەی کوردستان24 وەکو پیشەی میدیایی راگەیێندراوەکەمان لە سایت و سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردەوە، دواتر یەکێتی وەبەرهێنەران لقی سلێمانی خۆی لە راگەیێندراوەکە بێبەریکرد و راگەیێندراوێکی دیکەی تەواو پێچەوانەی ناوەڕۆکی راگەیێندراوی پێشووی بڵاوکردەوە، بە هەمانشێوە لە کوردستان24 بڵاوکرایەوە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی راگەیەندراوەکان لەلایەن هەندێک لە میدیای سێبەر و پەیجی بێ خاوەن هێرشێکی ناڕەوا کراوەتە سەر کوردستان24، کە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا هاوسەنگی نەپاراستووە، ئێمە لێرەوە بە بینەران، بیسەران و وەرگرانمان رادەگەیەنین، کە کوردستان24 لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، تاوەکو ئێستا باجی راستگۆیی و پیشەییانەی کارەکانی دەدات، هەربۆیە لێرە و لەوێ لەلایەن هەندێک لە میدیا و میدیاکارانەوە پەلامار دەدرێت.
جارێکی دیکە دووپاتیدەکەینەوە، لە کاری پیشەییانە و پەیوەستبوونمان بە ئیتیکی رۆژنامەوانییەوە بەردەوامدەبین و سڵ لە گەیاندنی راستییەکان و دەنگی خەڵک ناکەینەوە.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24
3-4-2023