داواکاری ئۆکرانیا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پشتگوێ دەخرێت
K24 - هەولێر
هاوپەیمانی ناتۆ دانی بەوەدا ناوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ناتوانێت ئەندامێیتی ئۆکرانیا پێشکەش بکات.
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، لە زاری دیپلۆماتکارانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆوە بڵاویکردووەتەوە کە یەکێکیان گوتیەتی: " داواکاری ئۆکرانیا لەسەر مێزەکەیە، بەڵام ئێمە بە سادەیی پشتگوێی دەخەین"، لەکاتێکدا دیپلۆماتکارێکی دیکە گوتی، ناتۆ ناتوانێت بەم زووانە ئەندامێتی ئۆکرانیا پێشکەش بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ناتۆ ئێستا کەلێنێکی گەورەی دارایی هەیە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، هەڵوێستی ناتۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی توڕەیی بەرپرسانی ئۆکرانیا، چونکە دەیانەوێت لە لوتکەی ناتۆدا هەندێک ئەنجام بەدەستبهێنن.
ئەندرێ سیبیگا، سەرۆکی نووسینگەی ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، بە رۆژنامەی راگەیاند: "پێویستە لە لوتکەی ناتۆدا هەندێک ئەنجام بەدەست بهێنین، ئێمە تەنها پێویستمان بەوە نیە بڵێن دەرگا کراوەیە، شتێکمان دەوێت کە گەرەنتی تایبەتی هەبێت، مەبەستم گەرەنتی باوەڕپێکراوە نەک دڵنیایی و رێککەوتن و رێوشوێنی ئەمنی".
پێشتر وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ رایانگەیاندبوو، رۆژی سێشەممە 4ی ئادار، دەست بە کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە دەکەن لە برۆکسل، کە رێوڕەسمی پەیوەستبوونی فینلاند بە هاوپەیمانییەکە لەخۆدەگرێت، هەروەها راگەیاندنی بەرنامەیەکی چەند ساڵە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی فاینانشاڵ تایمز، پێویستە وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ تاوتوێی بەدیلەکانی ئەگەری ئەندامێتی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانییەکە بکەن، هەروەها پاڵپشتی دارایی کیێڤیش بکەن.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا رایگەیاند، ئۆکرانیا داواکاری پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بە خێرایی پەیوەندی بە ناتۆوە بکات، هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاسایشی نیشتمانی جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوەدا کە جێبەجێکردنی رێوشوێنێکی لەو شێوەیە ئێستا دواکەوتووە.