سەرۆك بارزانی: رۆڵ و دڵسۆزیی کوردانی فەیلی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد هەمیشە جێگەی شانازی و پێزانینە

"پێویستە حكومەتی عێراقی ئەركی خۆی لە نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی بە زووترین كات جێبەجێ بكات"

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆک مەسعود بارزانی لە 43ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، رۆڵ و دڵسۆزیی کوردانی فەیلی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد هەمیشە جێگەی شانازی و پێزانینە.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختیشی کردەوە لەوەی، پێویستە حكومەتی عێراقی ئەركی خۆی لە نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی بە زووترین كات جێبەجێ بكات.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە چل و سێیەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی و دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخستوانەی كە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەمدا ئەنجامی دا.

خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە و تەنیا تاوانیان كوردبوونەكەیان بووە. پێویستە حكوومەتی عێراقی ئەركی خۆی لە قەربووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكان و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی بە زووترین كات جێبەجێ بكات.

لەیادی چل و سێ ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی دەنێرین. ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەکەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد هەمیشە جێگەی شانازی و پێزانینە.

مسعود بارزانی

4ی نیسانی 2023