سەرۆك بارزانی: واژووكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵی هەنگاوێكی مێژووییە
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی لەبارەی واژووكردنی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبارەی هەناردەكردنی نەوت، لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە دەستخۆشی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەکات.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە (4ی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، سەرۆك مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ كرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆك بارزانی (واژووكردنی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدراڵ لەبارەی هەناردەكردنی نەوت)ـی بە هەنگاوێكی مێژوویی وەسف كرد. هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بۆ هەوڵەكانی لەمەڕ چارەسەركردنی كێشەكان و سەرخستنی ئەو رێككەوتنە گرنگە.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەگەر نیازپاكی و ئیرادەی چارەسەركردن هەبێت، بە دڵنیاییەوە چارەسەركردنی كێشەكان ئاسان و مومكین دەبێت و هیواشی خواست كە ئەو رێككەوتنە ببێتە دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دووپاتكردەوە.