میدڵ ئیست ئای: وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سلێمانی بەهۆی بوونی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پەکەکەوەیە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

 K24 – هەولێر:

ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەلایەن تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، وەک ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌ بۆ بوونی پەیوەندی لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

رۆژی سێشەممە (4ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بە بەبوونی "پردێکی ئاسمانی" کردووە لەنێوان عێراق و سووریا کە گوایە چەکدارانی پەکەکە دەگوازنەوە لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە، ئەو رێگایە دوای کەوتنەخوارەوەی دوو هەلیکۆپتەر لە مانگی رابردوودا لە سنووری ناحیەی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک ئاشکرابووە.

موستەفا جانەر، توێژەر لە زانکۆی ساکاریای سەربە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە میدڵ ئیست ئای راگەیاندووە، بەڵگە هەن کە پەکەکە، سلێمانی وەک بنکەیەکی لۆجستی بۆ هێزەکانیان بەکاردەهێنن و تورکیا زۆر دڵنیایە لەوەی پەکەکە پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا هەیە و سلێمانی بووەتە ئەو شوێنەی پەکەكه‌ بە ئاسانی هاتووچۆی تێدا دەکات.

ماڵپەڕەکە لەسەر زاری دوو سەرچاوەوە رایگەیاندووه‌، هۆکاری راستەقینەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پەیوەندی بە پاڵپشتی بەردەوامی یه‌كێتیی نیشتمانییەوە هەیە بۆ  پەکەکە.

رۆژی (3ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردستان24ـــی راگەیاند، ئەمرۆ ئاگادارکراونەتەوە کە سەرجەم گەشتەکانی مانگی چواری نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا هەڵوەشاونەتەوە لەلایەن تورکیاوە، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەیان پێبدرێت لەبارەی هۆکاری ئەو هەنگاوە.

پێشریش لە نێوان ساڵانی (2017 و 2019) چەند جارێک لەسەر بنەمای هەمان هۆکار، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگرتووە.