کرێملن: پووتین و ترەمپ 100% لە چین کۆدەبنەوە

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا کرێملن رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە شاری شینژنی چین کۆدەبنەوە، هاوکات جەختی کردەوە، مۆسکۆ بە هیچ شێوەیەک بە ئاگربەستی کاتی لە ئۆکرانیا رازی نابێت کە دەرفەت بە کیێڤ بدات برینەکانی ساڕێژ بکاتەوە.

دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ دڵنیایی دا لەوەی کە بە رێژەی 100% پووتین و ترەمپ لە شینژن دیداریان دەبێت، بەوپێیەی هەردوو سەرکردە لە هەمان کاتدا بەشداری لە لووتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن (ئاپیک) دەکەن. روونیشی کردەوە، ئێستا سەرقاڵی هەماهەنگی و رێککەوتنن لەسەر شێواز و شوێنی دیاریکراوی کۆبوونەوەکە.

ئوشاکۆڤ ئاماژەی بە کارنامەی سەردانەکە کرد و ئاشکرای کرد کە شاندی رووسیا بە دوو قۆناخ بەرەو چین بەڕێ دەکەون. رۆژی 18ی تشرینی دووەمیش، شی جینپینگ، سەرۆکی چین مەراسیمێکی پێشوازی و خوانێکی فەرمی بۆ سەرکردە بەشداربووەکان ساز دەکات و پووتین لە پەراوێزی مەراسیمەکەدا زنجیرەیەک دیداری خێرا و نافەرمی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی ئەنجام دەدات کە پێشوەختە وادەیان بۆ دانراوە.

سەبارەت بە ئەجێندای لووتکەی ئاپیک، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، بەیاننامەی کۆتایی لووتکەکە خەریکە تەواو دەبێت و بەبێ واژۆکردن پەسەند دەکرێت، بە ئامانجی فراوانکردنی هاوکارییەکان لە بوارەکانی وزە، خۆراک، داهێنان و زنجیرەکانی گواستنەوە و لۆجستیک.هاوکات لووتکەکە کار لەسەر داڕشتنی چوارچێوەی بەدیجیتاڵکردنی بازرگانی بۆ ساڵانی 2027 تا 2030، سوودوەرگرتن لە زیرەکیی دەستکرد بۆ خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە، و پلانی بەیەکەوەبەستنەوەی ئابووری بۆ ساڵانی 2026 تا 2035 دەکات.

ئوشاکۆڤ شاری شینژنی وەک "موعجیزەیەکی هاوچەرخی چین" ناوبرد کە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 1979 دامەزراوە، بووەتە هێمای سەرکەوتنی سیاسەتی چاکسازیی چین و یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی تەکنۆلۆژیا و بازرگانی لە جیهاندا و پەیوەندیی دۆستانە و دەستەخوشکیی لەگەڵ چەندین شاری رووسیادا هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا باسی لە رەوتی دانوستانەکانی ئۆکرانیا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان بە شێوەی سێقۆڵی لە نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمەریکادا بەڕێوە چوون. سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی وڵاتانی ئەوروپاش، پێسکۆڤ جەختی کردەوە، دەبێت مۆسکۆ لە خودی ئەوروپییەکان تێبگات کە چۆن هەڵوێستەکانیان دەتوانێت یارمەتیی پڕۆسەی ئاشتی بدات.

گوتەبێژی کرێملین رەخنەی لە لێدوانەکانی ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسانی برۆکسل گرت لەسەر بەردەوامیدان بە پشتیوانیی بێمەرج بۆ ئۆکرانیا و زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر مۆسکۆ، و گوتی ئەو پێشمەرجانە دەریدەخەن کە ئامادە نین هاوکاریی ئاشتی بکەن، هەرچەندە مۆسکۆ چاوەڕوان دەبێت تا بزانێت بەشدارییان لەم قۆناخەدا گونجاوە یان نا.

پیسکۆڤ دووپاتی کردەوە، رووسیا ئاشتییەکی درێژخایەنی بۆ چەندین ساڵ و سەدە دەوێت نەک ئاگربەستی کاتی تاوەکو کیێڤ خۆی رێک بخاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، باشترە وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکرێن.