شاخەوان عەبدوڵڵا: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەبێتە بنەما بۆ یاساکانی بودجە و نەوت و غاز

K24 – هەولێر:
دوای چەندین کۆبوونەوە و دانوستان لەنێوان هەردوو شاندی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و چەند پرسێکی تری هەڵواسراو لەنێوان هەردوولادا، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژووکرا کە بەپێی رێککەوتنەکەش، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکی بانکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
سەبارەت بە گرنگی ئەم رێککەوتنە و ئەنجامەکانی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 لەگەڵ ژینۆ محەممەد وردەکاری زیاتری خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد، ئەم رێککەوتنە دەبێتە دەستپێکێکی نوێ لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روونیکردەوە، خاڵە جەوهەرییەکان کە جێی ناکۆکی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا چارەسەرکراون، کە پێشتریش هەرێم ئامادەیی تەواوەتی بۆ چارەسەرکردنیان بەشێوەیەکی یاسایی و دەستووریی نیشاندا بوو، بۆیە لەم رێککەوتنەدا دەستوور کراوەتە بنەما و دۆسیەی نەوت بە هاوبەشی بەڕێوەدەبردرێت، بۆ لەمەودوا هیچ لایەنێک ناتوانێت ئیڕادەی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، کە هەرێم پێشتریش ئەمەی قبووڵنەبووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: ئەم رێککەوتنە دوو پرۆسە ئاسان دەکات، یەکێکیان خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە کە بڕیارە کاتژمێر ٧:٠٠ـی رۆژی (چوارشەممە 5ـی نیسان/ ئێپڕیڵی 2023) پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ بکات و ئەم رێککەوتنەی تێدا جێگیر دەکرێت و دەبێتە بەشێک لە یاسای بودجەی 2023، ئەویتریان کارئاسانی دەکات بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و غازی عێراق، کە بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لەنێوان هەردوولا پێکهاتووە و کار دەکەن بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، روونیشی کردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا پێداگر بووە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت بە هاوبەشی، بۆ لەمەودواش بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە بەپێی دەستوور بە هاوبەشی دەبێت و تەنانەت کورد ئاگاداری سیستەمی نەوتی عێراق دەبێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد، ئەم رێککەوتنە کاتییە تاوەکو یاسای نەوت و غاز دەردەچێت، کە ئەو کات عێراق دەبێتە خاوەنی ئەم یاسایە و حوکمی یاساش لە رێککەوتن بەهێزترە و گرەنتی زیاتری تێدایە.
ئەمڕۆ (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.