پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەکاتەوە
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی 4ی 2023، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ ماوەی هەشت رۆژ کراوە دەبێت و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش رایدەگەیەنێت، "کاندیدمان بۆ ئەو دوو پۆستە ئامادەیە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ 5ی 4 ی2023 تا رۆژی 12ی 4ی 2023 دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجومەنی کۆمیسیاران کراوەتەوە.
تا ئێستا دوو کورسی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کە پشکی پارتین چۆڵن.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کاندیدمان بۆ ئەو دوو پۆستە ئامادەیە و پێشکەشی پەرلەمانیان دەکەین".
یەکێک لە بەربەستەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەسەرچوونی ماوەی یاسای کۆمیسیۆن و چۆڵبونی دوو کورسی ئەنجوومەنەکەیە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان ئەو دوو کورسیە پڕ دەکرێنەوە و کۆمیسیۆنەکەش بۆ ئەم هەڵبژاردنە ماوەکەی درێژ دەکرێتەوە، هەر بەپێ رێککەوتنی لایەنەکان، هەر لایەنێک دەتوانێت گۆڕانکاری لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بکات.
پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.