داواکاری گشتی مانهاتن: ترەمپ 34 ساختەکاری کردووە بۆئەوەی تاوانی دیکە بشارێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

داواکاری گشتی مانهاتن رایگەیاند، دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا 34 ساختەکاری لە تۆمارە بازرگانیەکاندا کردووە بۆ شاردنەوەی چەند تاوانێکی دیکە و لەبەردەم دادگا تۆمەتبار کرا.

ئالڤین براگ، داواکاری گشتی مانهاتن دەڵێت، هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نیە و ناتوانین تاوانێکی گەورەی لەوشێوەیە بە ئاسایی وەربگرین.

داواکاری گشتی مانهاتن لە قسەکانیدا جەختی کردەوە لەوەی، هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسانن و هیچ بڕە پارەیەک و هیچ دەسەڵات و هێزێک ئەو پرەنسیپەی ئەمەریکا ناگۆڕێت.

دۆناڵد ترەمپ لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی نیویۆرکەوە تۆمەتبارکرا بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانیەکان.

بەگوێرەی یاساکانی نیویۆرک، بە ئەنقەست ساختەکردنی تۆمارە بازرگانیەکان تاوانە و فێڵکردن و شاردنەوەی تاوانێکی دیکەیە.

ئالڤین براگ  گوتیشی: ترەمپ 34 ساختەکاری کردووە بۆئەوەی تاوانەکانی دیکە بشارێتەوە. ئەمەش بەگوێرەی یاساکانی نیویۆرک تاوانە. بێ گوێدانەوەی ئەوەی تۆ کێیت ناتوانین تاوانێکی گەورەی لەوشێوەیە ئاسایی بکەینەوە.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی فرانس پرێس، به‌تۆمه‌تی پێدانی پارە و هەڕەشەکردن بۆ بێدەنگکردنی ستۆرمی دانیەلز، تره‌مپ دادگایی ده‌كرێت.

ستۆمی دانیەڵز ئەکتەری فیلمی پۆڕن لە چاوپێکەوتنێکدا پێشتر ئاشکرایکردبوو، پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبووە، لە ساڵی 2016ـش لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ترەمپ هەڕەشەی لێکردووە و  بڕی 130 هەزار دۆلاریشی پێداوە تاکو ئەوەی لەنێوانیان روویداوە نەیدرکێنێت.

تره‌مپ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ شتێكی سه‌یر وه‌سفكرد و ده‌ڵێت: به‌داخه‌وه‌، ده‌ستگیرده‌كرێم، شتێكی سه‌یره‌ ئه‌مه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا رووده‌دات، باوه‌ڕ به‌و شته‌ ناكه‌م.