سامان بەرزنجی: حکومەتی عێراق دان بە کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستان دەنێت

K24 – بەغدا:

شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی لە بەغدا کۆبوونەوە و دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستانیان لە بودجەی گشتی تاوتوێکرد و، سامان بەرزنجی رایدەگەیاند، حکومەتی عێراق دان بە کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستان دەنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ــی نیسان / ئێپڕێڵی 2023)، شاندێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هەردوو وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکراکرد.

ساڵح ئەلحەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق جەختی لەسەر گرنگی ئەو کۆبوونەوەیە کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو بابەتە گرنگانەی لەنێوان هەردوولادا هەیە.

لەلایەن خۆشیەوە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگمان ئەنجامدا، لەگەڵ وەزیر و بریکار و تیمی هاوبەشی وەزارەتی تەندروستی عێراق و جەختمان لە هەماهەنگی و کارکردنی بەیەکەوەیی کردەوە لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی چارەخواز، هەروەها بەرەوپێشچوونی سێکتەری تەندروستی لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەروەها سامان بەرزنجی لە لێدوانێکی تایبەتدا سەبارەت بە دانپێنانی حکومەتی عێراق بە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ یەکەمینجارە دان بە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستان دەنێت.

وەزیری تەندروستی روونیکردەوە، ساڵانی رابردوو دەرمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە دووبارە پشکنینی بۆ دەکرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو کێشەیە چارەسەرکرا و چیتر دەرمانی هەرێمی کوردستان لەکاتی رەوانەکردنی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق پێویستی بە پشکنین نییە ئەگەر ستیکەری کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستان لەسەر دەرمانەکان بێت.

Fly Erbil Advertisment