شاڵاو عەبدولخالق: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا داننانە بە مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:
شارەزایەکی سیاسەتی وزە دەڵێت، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دانپێنانی مافە دەستوورەیەکانی هەرێمی کوردستانە لەلایان عێراق، هەروەها دەبێتە بنەمایەک بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ــی نیسان / ئێپڕێڵی 2023)، شاڵاو عەبدولخالق، شارەزای سیاسەتی وزە بۆ کوردستان24 گوتی، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا رێڕەوێکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەشی هەرێم لەناو بودجەدا زامن بکرێت، خاڵی ئەرێنی ئەم رێککەوتنە ئەوەیە "کە بەغدا گوتی بەڵێ هەڵەی خۆم بوو کە هەرێمی کوردستانمان خستە ژێر فشارێکی زۆر بۆیە ئەوان ناچاربوون نەوت سەربەخۆیانە بفرۆشن".
شاڵاو عەبدولخالق ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵێکی دیکەی ئەرێنی ئەم رێککەوتنە ئەوەبوو، متمانەی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان گەڕاندەوە کە ئەوان لەوە تێگەشتن هەرێمی کوردستان هەڵە نەبووە لە هەناردەکردنی نەوتی خۆی، هەروەها زۆرینەی کۆمپانیاکانیش بۆ لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی سۆمۆ دەکڕن ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی داهاتێکی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەو شارەزایەی بواری سیاسەتی وزە گوتی، بەم رێککەوتنە دووبارە سەقامگیری و ئاسایش بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی لە رابردوودا بەهۆی فشارەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ زۆر جار هەرێمی کوردستان رووبەرووی هێرشی ئاسمانی دەبوویەوە، هەروەها ئەم رێککەوتنە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، چونکە بە فشاری ئەوانیش نەبوایە لەسەر عێراق ئەم رێککەوتنە واژوو نەدەکرا.
هەروەها ئەوەشی راگەیاند، تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوا پشتوانی تەواوی ئەم رێککەوتنە دەکەن و رۆڵیان هەبوو لە هاندانی هەردوولا بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە لەبەرئەوەی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کاریگەری کردبووە سەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانیی جیهاندا.