سەعدی پیرە: لەگەڵ پارتی لەیەک نزیکین

K24 -  هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەخت لەسەر بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، لەگەڵ پارتی لەیەک نزیکن و بەردەوامی بە گفتوگۆکان دەدەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ هەینی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانیکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لێكنزیكبوونه‌وە له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌یه‌ و گفتوگۆكانیان به‌رده‌وامن، ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانی حزبه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن.

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئەو چەند پرسەی هەڵبژاردن کە جیاوازییان هەیە دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن و چارەسەرکردنی گلەییەکان و روونیکردەوە، دەیانەوێت ئێستا رێکبکەون بۆ ئەوەی چوار ساڵی داهاتوو بە گلەیی دەستپێنەکەن.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی چوار بازنەیی، لیستی دەنگدەران و شێوازی هەڵبژاردنی کورسی کۆتاکان ئەو خاڵانەن کە پێویستی بە گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی بوو بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەعدی پیرە هیوای خواست پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و هەڵبژاردن لەکاتی  خۆیدا ئەنجامبدرێت.