هەڤاڵ ئەبوبەکر: سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکەین

هەڤاڵ ئەبوبەکر
هەڤاڵ ئەبوبەکر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، "ناڕەزایەتیی خۆمان بەرامبەر تێکدانی ئاسایش و ئارامیی پارێزگاکەمان دەردەبڕین".

رۆژی هەینی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێوارەی ئەمڕۆ،  شوێنێکی نزیک لە سنووری دەرەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەر هێرشێکی ئاسمانیی کەوت و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانیی و ماڵیی لێنەکەوتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکات و ناڕەزایەتی بەرامبەر تێکدانی ئاسایش و ئارامیی پارێزگای سلێمانی دەردەبڕێت.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، پاراستنی ئارامیی هاووڵاتیان و ئاسایش و سەقامگیریی سلێمانی و هەرێمی کوردستان؛ ئەرکی هەمووانە و داوادەکات هەموولایەک هاوکارو هەماهەنگ بن بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو رووداوانە.

Fly Erbil Advertisment