جوتیار عادل: حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرۆشی دۆخی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرۆشی دۆخی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئاسەواری دوو ئیدارەیی نەمێنێت.
لە راگەیەندراوێکدا جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو لایەنە سیاسییەی کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتیی دەکات، ڕێگرە لە کاروباری حکومەت و دامودەزگاکانی، و حکومەتی لە سنووری سلێمانی خستۆتە بن هەژموونی ئەجێنداکانی حیزبەکەی، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە لە دۆخێکی ناهەمواردان".
هەروەها لە وەڵامەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "بەداخەوە، لە جیاتی ئەوەی کاک قوباد، بێت هاوکار بێت و لە کەناڵەکانی حکومەتەوە چارەسەری کێشەکان بکات، خۆی لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە و دەوام ناکات. بۆیە کاک قوباد، جێگری سەرۆکوەزیرانی بندیوارە و مافی ئەوەی نیە باسی حکومەت بکات و بڕیار لەسەر وتەبێژی حکومەت بدات".
دەقی وەڵامەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرۆشی دۆخی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئاسەواری دوو ئیدارەیی نەمێنێت و بتوانین بە بێ کۆسپ و تەگەرە و بە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتیانمان بکەین.
بەڵام ئەو لایەنە سیاسییەی کە بەڕێز قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتیی دەکات، ڕێگرە لە کاروباری حکومەت و دامودەزگاکانی، و حکومەتی لە سنووری سلێمانی خستۆتە بن هەژموونی ئەجێنداکانی حیزبەکەی، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە لە دۆخێکی ناهەمواردان.
بەداخەوە، لە جیاتی ئەوەی کاک قوباد، بێت هاوکار بێت و لە کەناڵەکانی حکومەتەوە چارەسەری کێشەکان بکات، خۆی لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە و دەوام ناکات. بۆیە کاک قوباد، جێگری سەرۆکوەزیرانی بندیوارە و مافی ئەوەی نیە باسی حکومەت بکات و بڕیار لەسەر وتەبێژی حکومەت بدات.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
7ی نیسانی 2023