تیمی تەکنیکی سعوودیە گەیشتنە تاران بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لەو وڵاتە

K24 - هەولێر
تیمی تەکنیکی سعوودی بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی خۆی لە ئێراندا، گەیشتە تارانی پایتەخت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە سێ قۆڵیەی کە لەنێوان سعوودیە، ئێران و چین واژۆکراوە.
تیمی تەکنیکی سعوودیە بە سەرۆکایەتی ناسر بن عەوز ئال غەنوم، لەگەڵ هونەردۆست، بەرپرسی پرۆتۆکۆڵ لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تارانی پایتەخت کۆبوونەوە، بۆ تەواوکردنی ئەو رێککەوتنەی کە پێنجشەممەی رابردوو لە پەکین واژۆیان کردووە.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆکی تیمی سعوودیە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆکی پرۆتۆکۆڵ کرد، بۆ ئەو پێشوازییە وهەروەها ئاسانکاریکردن بۆ رێکارەکانی هاتنی تیمەکە، هاوکات هونەردۆست، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دابینکردنی هەموو ئاسانکاری و پاڵپشتییەک بۆ ئەرکەکانی تیمی سعوودیە
دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی، ریاز و تاران رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە کێشە دیپلۆماسیەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیان، ئەمەش بەر لە مانگێک بەنێوەندگیری چین ئەو رێککەوتنە ئەنجامدرا.
سعوودیە لە ساڵی 2016 پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران، ئەمەش لەکاتێکدایە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر لەسێدارەدانی پیاوێکی ئایینی شیعە لە سعوودیە دروستبوو، پاشان ریاز داوای لە دیپلۆماتکارانی ئێرانی کرد لە ماوەی 48 کاتژمێردا بڕۆن و ستافی باڵیۆزخانەکە چۆڵ بکەن.