فراکسیۆنی گۆڕان داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانی کوردستان دەکات

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان

K24 – هەولێر:

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتایی هێنان بە گرفتی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (9ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، فراکسیۆنی گۆڕان راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و لەپێناو لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان و کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی بەپەلە ئەنجامبدات.

لە راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی گۆڕاندا هاتووە، "پەرلەمانی کوردستان دوور لە ئینتیمای حزبی و وەک سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی هێزە نیشتمانییەکان و ئامادەکردنی وەرەقەیەکی نیشتمانی؛ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ گفتوگۆکردن و دانانی رێگەچارە بە بەشداری هێزە دەسەڵاتدارەکان رێکبخات".

هەروەها فراکسیۆنی گۆڕان جەخت لسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و داواشدەکات، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر سایەی دامەزراوە نیشتمانییەکان دوور لە پەیوەندی حزبی، بە نیشتمانی بکرێن و رێکبخرێنەوە.

‎لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانەوە، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات، زەمینەیەکی گونجاو بڕەخساندرێت بۆ هەڵبژاردن، نەک ئەنجامدانی بەبێ زەمینەسازی و نەبوونی سەقامگیری سیاسیی و کاری پێکەوەیی.