شاندێكی باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سهردانی سلێمانی دهكات
بەدواداچوون بۆ هێرشەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکەن
K24 - هەولێر
بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ هێرشە درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، بڕیاره ئەمڕۆ شاندێكی باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگهنه فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتی سلێمانی.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندهكهی پهرلهمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عهباس زاملی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و سهرۆكی فراكسیۆنی فهتح دهبێت، ئهم شاندهی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق لێكۆڵینهوه و بهدواداچوون بۆ هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دهكات.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر و لە رۆژی 8ی نیسانی 2023، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە سلێمانی.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەعرەجی لەسەر رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، چووەتە پارێزگای سلێمانی.
هەرچەندە تورکیا بە فەرمی ئەو هێرشە نەخستووەتە ئەستۆی خۆی، بەڵام دامەزراوەکانی عێراق تورکیا بەو هێرشە تۆمەتبار دەکەن و ئەو هێرشە سەرکۆنە دەکەن.
رۆژی هەینی 7/4/2023، تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روویدا و بەوهۆیەوە ئاگر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. پاش رووداوەکەش راگەیەندرا هێرشی درۆنی بووە. رۆژێک دوای رووداوەکە ئاشکراکرا کە ئەو هێرشە بۆ بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.
لە سەرەتای رووداوەکەدا هەسەدە رەتیکردەوە کە مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بووبێت، بەڵام دواتر رایانگەیاند، کە بۆ پاراستنی گیانی ئەو زانیاری هەڵەیان بڵاوکردووەتەوە، پشتڕاستیان کردەوە لە کاتی هێرشەکە مەزڵوم عەبدی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووە.