ئایدن مەعروف: سوورین لەسەر یەک بازنەیی هەڵبژاردن بۆ پێکهاتەکان

ئایدن مەعروف
ئایدن مەعروف

K24 – هەولێر:

بڕیار وایە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، هاوکات تا ئێستا پرسی چۆنیەتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان یەکلایی نەبووەتەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانیش رایدەگەیەنێ خۆیان خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆیانن سەپاندنی هەر ئیرادەیەکی دەرەوەی پێکهاتەکان قبووڵ ناکەن.

پرسی چۆنیەتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان جێی مشتومڕە کە ئایا بەشداریکردنەکەیان بە یەک بازنەیی یاخود بە فرەبازنەیی دەبێت، لەمبارەیەوە ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "تورکمان و کریستیانەکان داوای یەک بازنەیی و زیادکردنی کورسی پێکهاتەکان دەکەن".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی گوتیشی: "لەگەڵ دابەشکردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان نین، ئێمە لەگەڵ یەک بازنەیین و ناخوازین کۆتاکان بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشبکرێن و ئەم بابەتە پەیوەندی بە خودی پێکهاتەکان هەیە و دەبێت بە ویست و ئیرادەی پێکهاتەکان بێت، بۆ هەر پرس و بابەتێکی لەم شێوەیە دەبێت پرس و راوێژ بە پێکهاتەکان بکرێت، چونکە هەر بۆچوونێک لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان قبووڵکراو نییە".

ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، کە لە ئێستادا نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆتای پێکهاتەکان دوو پێشنیازی داوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەمان دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم پێشنیازەی نەتەوەیەکگرتووەکان.

لەبارەی هۆکاری رەتکردنەوەی فرەبازنەیی، ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، پێکهاتەکان بە فرەبازنەیی پەرت دەبن و لێک دادەبڕێن و سەکۆیەکی یەکگرتوویان نابێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک فرەبازنەیی رەتدەکەنەوە.