ترەمپ رەتیدەکاتەوە خۆی لە کاندیکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکشێنێتەوە

K24 -هەولێر:
ترەمپ دووپاتیدەکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک خۆی لە کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ناکشێنێتەوە و دەڵێت، بایدن لەرووی لاشە و بیرکردنەوەوە خراپە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمەریکی گوتی: لە نیویۆرک 34 تۆمەتی تاوانکاریم رووبەڕوو بووەتەوە، لەسەر دۆسیەی بێدەنگکردنی ئەکتەرەکەی فیلمە رووتەکان، هیچ شتێک رێگریم لێ ناکات لە خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024ـی ئەمەریکا.
ترەمپ دەشڵێت: بە هیچ شێوەیەک ناکشێمەوە، ئەوە لە سرووشتی من نیە، من ئەوە ناکەم.
سەبارەت بە تەمەنی خۆی و بایدن، ترەمپ پێیوایە بایدن توانای ئەوەی نەمایە جارێکی دیکە ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، "من نابینم توانای هەستانەوەی هەبێت، چونکە لەڕووی لاشە و بیرکردنەوەوە خراپە."
چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، وەکو یەکەم دەرکەوتنی میدیایی ناوبراو بووە دوای ئەوەی لەماوەی هەفتەی رابردوودا لە دادگایەکی نیویۆرک دادگایی کرا.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، "فۆکس نیوز" سەکۆیەکی کراوە بوو بۆ ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆچوونەکانی خۆی لەرێگەیەوە دەرببڕێت، هەروەها زۆرجار تیشک دەخەنە سەر خلیسکانی زمانی بایدن کاتێک سەرنجی خۆی لەدەست دەدات.
بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی ترەمپ لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی بڕیارە رۆژی چوارشەممە 12ـی نیسانی 2023 پەخش بکرێت.
رۆژی سێشەممە 4ی ئاداری 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە بەردەم دادگای مانهاتن بەتۆمەتی پێدانی پارە ئەکتەرێکی پۆرن دادگایی کرا.
ستۆمی دانیەڵز ئەکتەری فیلمی پۆڕن لە چاوپێکەوتنێکدا پێشتر ئاشکرایکردبوو، پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبووە، لە ساڵی 2016ـش لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ترەمپ هەڕەشەی لێکردووە و بڕی 130 هەزار دۆلاریشی پێداوە تاکو ئەوەی لەنێوانیان روویداوە نەیدرکێنێت.