ئەمڕۆ 100 ساڵ بەسەر بە پارێزگابوونی هەولێردا تێدەپەڕێت
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ 100 ساڵ بەسەر بە پارێزگابوونی هەولێردا تێدەپەڕێت و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی: هیواخوازین هەمیشە هەولێری سەربەرز بە گەشاوەیی و جوانی و ئاوەدانی و ئارامی بمێنێتەوە.
ئومێد خۆشناو دەڵێت: بەبۆنەی 100 ساڵەی بە پارێزگابوونی هەولێر، شاری خۆشەویستی و ئاشتی، قەڵای بەرز و پڕشکۆی پێکەوە ژیان و یەکترقەبوڵکردنی ئاینی، جوانترین پیرۆزبایی لە دانیشتوانی شارەکەمان بە تایبەتی و سەرجەم کوردستانیان بە گشتیی دەكەین، هیواخوازین هەمیشە هەولێری سەربەرز بە گەشاوەیی و جوانی و ئاوەدانی و ئارامی بمێنێتەوە.
پارێزگاری هەولێر لە وەسفی ئەم شارەدا نووسیویەتی: هەولێری سیمبولی ئاوەدانی و ئارامی و هەڵگری ئاڵای بەیەکەوە ژیان و تەبایی و برایەتی، بە درێژایی مێژووی ھەزاران ساڵی سەرتۆپكی مقاوەمەت و پێشەنگی ئازادیخوازی و خۆڕاگری و بەرگری بووە لە مافە رەواکانی گەلەكەمان و سەرقافڵەی قوربانیدان و خەبات بووە بۆ ئازادی و لانكەی شۆڕش و شۆڕشگێڕانی کوردستان بووە، ھەولێر شوێن و پێگەی زانایانی ئاینی و مەڵبەندی پێگەیاندی كەڵە شاعیران و نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندان بووە، بۆیە هەر کورد و کوردستانییەک لە هەرشوێنکی دونیا بێت شانازی بە هەولێری پایتەختی کوردستان دەکات.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: دەخوازین خودای گەورە دەرفەتمان بدات 100 ساڵەی بە پارێزگابوونی هەولێر، بکەین بە هەوێنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی پتر و خزمەتكردنی زیاتری هاوشاریانمان.
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، ههولێر، ناوێکی پڕ به باڵای خهڵک و خاکێکی رهسهن و خاک وویست و ئامێزێکی میهرهبانی مرۆڤایهتیه و ههر بهو ناو و ناونیشانهش وهک منارهکهی سهربهرز و وهک قهڵاتهکهشی سینگ و بهرۆک فراوان دهمێنێتهوه.
هەولێر، شارێکی دێرینی باشووری کوردستانی گەورەیە و، ئێستا پایتەختی ھەرێمی کوردستانە. ئەم شارە بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیھان دەژمێردرێت کە مێژووی بنیاتنانی بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، لەم چەند ساڵەی دواییدا بووەتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و گەشتوگوزار.
لهبارهی ئامار و داتاكانی هاتنی گهشتیاران، بهڕێوهبهرایهتی گهشتوگوزاری ههولێر، ئاماژهی بهوه كردووه، لە ماوەی ساڵی 2022دا زیاتر لە دوو ملیۆن و حەوت سەد و پەنجا و دوو هەزار، گەشتیاری ناوخۆ، پارێزگاكانی عێراق و خهڵكی بیانی، سەردانی هەولێر و دەوروبەریان كردووە.
لە ماوەی ساڵێكدا لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیكەی 800 پڕۆژەی گەورە، بچووك و مام ناوەند جێبەجێكراون.