ههڵوێستی لایهنه سیاسییهكانی ههرێم له بارهی پرۆتۆكۆڵی نێوان ههرێم و ئهمهریكا
K24 - ههولێر:
زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، بە گرنگییەوە دەڕواننە پڕۆتۆکۆڵی سەربازی ھەرێم و ئەمریکا، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان داوا دەکات داھاتەکە بە شەفافی دابەش بکرێت.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش ھیواخوازە پڕۆتۆکۆڵەکە لایەنەکانی کوردستان یەکبخاتەوە.
پرۆتۆکۆلی سەربازی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا، رێککەوتنێکی تازەیە لە ناوچەکە، دەنگدانەوەی زۆریشی بەدوای خۆیدا ھێناوە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە گۆرنگیەوە دەروانێتە پرۆتۆکۆلەکە، ئەو حزبە دەخوازێت ھاوکاریەکان بە شەفافی و بە ئاگاداری سەرجەم لایەنەکان دابەش بکرێت.
واژووکردنی پرۆتۆکۆلە سەربازیەکەی ھەولێر و واشنتن، بە ئاگاداری دوو پلەداری باڵای سەربازی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامدرا، ئێستا حزبەکە رێکەوتنێکی ھاوشێوە بە پێویستی دۆخەکە دەزانێت، دەشڵێن پرۆتۆکۆلەکە بە تەنھا بۆ لایەنێک نییە، بەڵکو بۆ ھەموو خەڵکی کوردستانە.
تا ئێستا بزووتنەوەی گۆران قسەی فەرمی دەربارەی پرۆتۆکۆلەکە نەکردووە، ئامادەی ھیچ قسەیەکیش نییە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لایەنەکان گەشبینن بە واژوکردنی پرۆتۆکۆلێکی لەم شێوەیە و ھیوا خوازن ئاشتەوایی نیشتیمانی بەدوای خۆیدا بھێنێت.
دوای واژووكردنی پڕۆتۆكۆڵی سەربازی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئەمریكا، ھاووڵاتییان لە باشووری كوردستان دڵخۆشن و ھیوای سەركەوتنی زیاتر بۆ ھێزی پێشمەرگە دەخوازن و بڕوایانوایه ئەم پرۆتۆكۆڵە راستەوخۆ بەشێكی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەوە ھەیە، لەبەرئەوەی بە پێویستی دەزانن یەكسانی ھەبێت لە دابەشكردنی ھاوكارییەكان بەسەر ھێزی پێشمەرگە.
ھاوڵاتیان بە گرنگیەوە دەرواننە واژۆکردنی پرۆتۆکۆلی سەربازی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا، لەبەر ئەوەی پرۆتۆکۆلەکە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەوە ھەیە، لای ھاوڵاتیان پر بایەخە، پێشیان باشە شەفافی لە دابەشکردنی ھاوکارییەکان ھەبێت.
ھاونیشتیمانیان دەخوازن، ئەمریکا دوای کۆتایی ھاتنی شەری داعشیش، ھاوکارییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بن و دوای ئەوە ھەوڵ بدات ھێزێکی رێکخراو بە تەواوی چەکی پێشکەوتوو لە هێزی پێشمەرگە پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێتێە ھێزێکی نموونەیی لە ناوچەکە و بەردەوامیش بێت لە ئەرکی پارێزگاریکرند لە بەها مرۆییەکان.
واژۆکردن پرۆتۆکۆلی سەربازی نێوان ھەولێر و واشنتن، دڵنەواییەکی لەنێو ئەو هەموو قەیرانە بە خەڵکی دایەوە، ئەوەشی بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان سەلماندوە، کە ئەمریکا وەکو ھێزێکی کاریگەر و ھاوپەیمانی نزیکی خۆیی دەروانێتە کوردستان و پێشمەرگە، دەشڵێن ھەنگاوێکی گەورەیە لەم دۆخەی ئێستا وڵاتێکی زلھێزی وەکو ئەمریکا پشتیوانی سەربازی و دارایی ھەرێمی کوردستان بکات.