لە ناحیەی هەریر هاووڵاتییەک لەلایەن براکەیەوە کوژرا

K24 – هەولێر:
بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لە ناحیەی هەریر هاووڵاتییەک لەلایەن براکەیەوە کوژراو و پۆلیسی پارێزگای هەولێریش رایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە بۆ دەستگیکردنی تۆمەتبارەکە و رادەستکردنی بە دادگا.
ئەمڕۆ هەینی (14ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، وەلی باقی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بەوەکالەت بە کوردستان24ـی راگەیاند کەسێک بەناوی (ع. ک. ح.) برایەکی خۆی بەناوی (وەلید ک. ح.)کە تەمەنی 45 ساڵە کوشتووە.
لەلایەن خۆیەوە، پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، هاووڵاتییەک بەناوی (وەلید ک ح) تەمەن (45 ساڵ) بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و رادەستکردنی بە دادگا.
لە روونکردنەوەکەی پۆلیسی پارێزگای هەولێردا هاتووە، "دوای ئەوەی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە کە کاتژمێر (2:30) خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی (14ـی نیسانی 2023)، رووداوێکی کوشتن لە ناحیەی هەریر روویدا و دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە".