رووسیا: ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا رەوشی ناوچەکە دەگۆڕێت

K24 - هەولێر:
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەکرد، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا تا رادەیەکی بەرچاو رەوشی ناوچەکە دەگۆڕێت، رایگەیاند: "بۆ ئەمەیش ئامادەی هەموو جۆرە هاندان و پشتیوانییەکین".
لاڤرۆڤ لە سەمەرقەند لە ئۆزبەکستان لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، ئێران و سووریا، گوتی: "لەمبارەیەوە هەڵوێستمان روونە و هیچ مەرجێک قبوڵ ناکەین".
سێرگی لاڤرۆڤ بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا تا رادەیەکی بەرچاو رەوشی ناوچەکە دەگۆڕێت، رایگەیاند: "بۆ ئەمەش ئامادەی هەموو جۆرە هاندان و پشتیوانییەکین. پاراستنی یەکپارچەیی خاک لەلایەن هەر چوار وڵاتەوە شتێکە گفتوگۆ هەڵناگرێت. ئەمەیش دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دیالۆگەکان بگەیەندرێنە ئاستی بەشداربوونی وەزیرانی دەرەوە".
رۆژی دووشەممە 10ـی نیسانی 2023، مەولوود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا لەبارەی کۆبوونەوە چوا قۆڵییەکەوە، گوتی:"پێمان وایە کۆبوونەوەی چوار قۆڵی وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵات لەبارەی سووریا لە سەرەتای مانگی ئایاردا ئەنجام دەدرێت، نەخشە رێگاکە پێشوەختە ئامادەکرابوو، لەسەرەتادا وەزیرانی بەرگری تورکیا و رووسیا و سووریا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری هەرسێ وڵات لە مۆسکۆ 28 کانونی یەکەم کۆبوونەوە، دوای ئەوە کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە لە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە مۆسکۆ ئەنجامدرا."
چاویشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کاتێ سەردانی ئەنقەرەی کرد، "گفتوگۆمان کرد لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە". لاڤرۆڤ پێیوایە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە سەرەتای مانگی ئایاردا لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.
رۆژی یەکشەممە 9ـی نیسانی 2023، ئەلێکساندەر یەفیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە دیمەشق رایگەیاند، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەرچوار وڵات، بڕیاربوو رۆژی دووشەممە (10ـی نیسانی 2023) بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ مانگی ئایاری داهاتوو دواخرا.
باڵیۆزی رووسیا لە دیمەشق گوتیشی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا پرۆسەیەکی درێژخایەنە و هەموو دۆسیە و پرسەکان ناتوانرێت لە یەک یان چەند خولێکی دانوستاندا چارەسەر بکرێن و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
وەکو ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لێوەدەکات، نەخشە رێگای سووریا بریتییە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی رووسیا، سووریا، ئێران و تورکیا، هەروەها وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵات کار لەسەر رێکخستنی پێویست بۆ ئەم کۆبوونەوەیە دەکەن.
ئەم کۆبوونەوە چوار قۆڵییە لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا لە چوارچێوەی ئاساییبوونەوەدان پاش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریەکان لە مۆسکۆ کە لە 28ی کانوونی دووەم ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی پێداگریی دیمەشق لەسەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، تا رادەیەک پەوەندییەکان خاوبوونەوە.