لە هەولێر پارێزەرێک لەلایەن چەند کەسێکەوە خەڵتانی خوێن کرا

K24 – هەولێر
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چەند کەسێک پارێزەرێک دەڕفێنن و دوای لێدانێکی زۆر بە برینداری جێدەهێڵن.
شەیما بایز پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 15/4/2023، چەند کەسێک لە هەولێر هێرش دەکەنە سەر پارێزەرێک بەناوی محەممەد یابە سۆفی، دوای ئەوەی زۆری لێدەدەن و قژیان تاشیوە و جێیان هێشتووە.
پەیامنێرمان راشیگەیاند، ئەو پارێزەرە بۆ چارەسەری پزیشکی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
یونس یابە، برای ئەو پارێزەرە بە کوردستان24ی گوت: "هێرشکردنە سەر براکەم بەهۆی کەیسی ژن و مێردێک بووە، ماڵی ژنەکە براکەمیان کردووەتە بریکاری خۆیان، لایەنەکەی تر کە ماڵی پیاوەکەن بە یاسا رازی نەبوونە و براکەمیان رفاندووە و سێ کاتژمێر لێیانداوە و هەموو گیانی بووەتە خوێن".
گوتیشی: "هۆکاری هێرشکردنە سەر براکەم تەنیا ئەوەیە کە بەرگری لە یاسا کردووە، براکەم بڕوانامەی ماستەری هەیە لە یاسا و پارێزەری راوێژکارە".
سەبارەت بە تەندروستی براکەی، یونس دەڵێت: "سەرەتا تەندروستی زۆر ناجێگیر بوو، چونکە دەم و لوتیان شکاندووە، بە نیازبوونە بیکوژن بەڵام دواتر بڕیاریاندوە نەیکوژن، قژیان تاشیوە و ڤیدیۆیان تۆمارکردووە".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا سەندیکای پارێزەران و هێزەکانی ئاسایشی هەولێر لەسەر خەتن لەسەر ئەو بابەتە، چونکە ئەو کەیسە یاساییە و کەسی نییە ئێمە کێشەی کەسیمان لەگەڵ کەس نییە".