فەرەنسا سزای زیندانی بەسەر 11 ئەندامی پەکەکەدا سەپاند
K24 - هەولێر
رۆژی هەینی، 14ی نیسانی 2023، دادگای تاوانەکانی پاریس، بە تۆمەتی وەرگرتن و پارەدارکردنی تیرۆر، سزای زیندانیکردنی بەسەر 11 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا سەپاند، سزاکەش لە نێوان سێ ساڵ تاوەکو پێنج ساڵە.
ئەو ئەندامانەی پەکەکە خەڵکی باکووری کوردستانن، لە هەفتەی رابردووەوە بە تۆمەتی هەبوونی ئینتمایان بۆ ئەو حزبە و دابینکردنی دارایی، لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا دادگایی کراون.
دادگای پاریس پێیوابوو ئەو ئەندامانەی پەکەکە بە بەکارهێنانی فشار و هەڕەشە لەنێو رەوەندی کوردی، پارەیەکی زۆریان کۆکردووەتەوە.
موریێل دیشرۆ، سەرۆکی دادگاکە دەڵێت: گومانی تێدا نییە کە ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە لە عێراقی و سووریا شەڕیان کردووە.
دیشرۆ، ژمارەیەک هێرش و جموجۆڵی توندوتیژی لە تورکیا، هەروەها کردەوەی توندوتیژی لە فەرەنسا وەک تێکدانی باڵەخانە یان ئۆتۆمبێلی سەر بە نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان گەڕاندەوە.
دادگای فەرەنسا پشتگیری لە داواکارییەکەی داواکاری گشتی کرد، کە بڕیاری نەداوە لەسەر خاکی فەرەنسا دەریان بکات، چونکە ئەم بڕیارانە بە زۆری لە دۆسیەکانی تیرۆردا دەدرێت، لەسەر بنەمای دۆخی پەنابەری.