راوێژکارێکی بانکی جیهانی: پێویستە هەولێر و بەغدا بەردەوامی بە 'نیازپاکی' نێوانیان بدەن لەسەر پرسی وزە

K24 - هەولێر

دوا بە دوای واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، وڵاتانی هاوپەیمان و بەشێک لە چاودێران بە ئەرێنییەوە دەڕواننە ئەم پێشڤچوونەی نێوان هەردووک حکومەت و راێژکارێکی بانکی جیهانی'یش پێیوایە کە دەبێت هەردوولا بە نیازپاکییەوە بەردەوامی بە دانوستانەکانیان بدەن.

کۆمەڵەی سیاسەتی عێراق، کە دامەزراوەیەکی توێژینەوەیە بۆ پرسە هەنووکەیەکانی عێراق  و هەرێمی کوردستان و بە زمانی ئینگلیزی توێژینەوە و گفتوگۆکانی بڵاودەکاتەوە، بیروڕای چەندین شارەزا و پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆی لەمەڕ رێککەوتنەکەی 4ی نیسانی ئەمساڵی نێوان هەولێر و بەغداد وەرگرتووە.

بەشێوەیەکی گشتی، پسپۆڕان کە پرسیاریان لەسەر بابەتەکە لێکراوە، بەشێوەیەکی ئەرێنی ئاماژەیان بەو رێککەوتنە کردووە.

رەنج عەلائەدین، راوێژکار لە بانکی جیهانی، ئاماژەی بەوە داوە کە گرنگترین پێشهات بریتی بووە لە رێککەوتنەکەی نێوان سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، کە پێویستە سوودی لێ وەربگیرێت بۆ رێگەخۆشکەرکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی وزەی نێوان هەردووک حکومەتەکان.

"هەردوولا پێویستە بە نیازپاکیەوە بەردەوام بن لە گفتوگۆکان و بەغدا پێویستە هەولێر وەک هاوبەشێکی یەکسان سەیربکات و ئەم سەرکەوتنە دەستوورییە کە لە پاریس بەدەستی خستووە وەک چەکێک بە کارنەهێنێت".

 ئەو راوێژکارە بە دامەزارەوەکەی راگەیاندووە، ئەم سەرکەوتنە رەنگە "کورت مەودا" بێت بۆ بەغداد چونکە بەردەوامی پەیوستە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر، ئەنقەرە و بەغدا لە کاتێکدا تورکیا و عێراق چەندین کێشەی کەڵەکەبوو و چارەسەرنەکراویان لە نێواندا ماوە وەک بەردانەوەی ئاو و شەڕی پەکەکە، ئەو راوێژکارە دەڵێت.

پاش راگەیاندنی بڕیارەکەی دادگا لە 23ی ئایار، لەسەر داوای عێراق، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان راگرت. تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش، هەناردەکردنەکە دەستپێنەکراوەتەوە.

شوان شەرعی، توێژەر لە زانکۆی کێنتی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە داوە کە هەرچەندە تورکیا پێشتر رایگەیاندووە، کە ڕێز لە بڕیارەکەی دادگا دەگرێت، بەڵام مەرج نیە "شکست" قبوڵ بکات و بە ئەنجامیەکەی ڕازیی بێت لە کاتێکدا سەرچاوەی ئاوی فورات و دیجلەی بە دەستە.