پێکهاتەکان دژی دابەشکردنی کورسییەکانی کۆتان

ئەو ژوورەی نوێنەری پێکهاتەکان تێیدا کۆبوونەوە
ئەو ژوورەی نوێنەری پێکهاتەکان تێیدا کۆبوونەوە

K24 – هەولێر:

یۆنامی پێشنیازی کردووە کورسییەکی تورکمان و کورسییەکی کریستیانەکان تەنیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە بۆ بازنەی سلێمانی دابنرێت، دوای ئاشکراکردنی پێشنیازەکە پێکهاتەکان نیگەرانی خۆیان گەیاندا یۆنامی و پێشنیازەکەیان رەتکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، محەممەد سەعدەددین، سەرۆکی فراکسیۆنی گەشەپێدانی تورکمانی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، "پێشنیازەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دووبارە ئەوانی گەڕاندەوە خاڵی سفر و کارەکەی ئاڵۆزتر کرد"، ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەموو شێوەیەک پێشنیازەکە رەتدەکەنەوە و لەگەڵ دابەشکردنی کورسییەکان نین.

لەلایەن خۆیەوە، جەنان جەبار، ئەندامی فراکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، بە هیچ شیوەیەک لەگەڵ دابەشکردنی کورسی کۆتاکان نین و ئەو پێشنیازەی نەتەوەیەکگرتووەکان جێی نیگەرانیە.

یونامی دوو پێشنیازی لە بارەی بەشداری پێکهاتەکان داوەتە پارتی و یەکێتی، پێشنیازی یەکەمی داوایکردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کورسی پێکهاتەکان دابەشبکرێت، پێشنیازی دووەمیشی ئەوەیە پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەن، هەردوو پێشنیازەکە لە بۆچوونی پارتی و یەکێتی نزیکن کە کێشەیان لەسەری هەیە، لەکاتێکدا پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان پێشنیازی یەکەمی یونامی رەتدەکەنەوە و پێشوازی لە پێشنیازی دووەم دەکەن.