ئێران لە ئاوی کەنداودا دەست بەسەر کەشتییەکی نەوتی بیانیدا گرت

K24 - هەولێر:
دەزگا راگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە سوپای پاسداران دەستی بەسەر کەشتییەکی بیانیدا گرتووە لە کەنداوی عەرەبی (کەنداوی فارسی) کە نەوتی قاچاغی هەڵگرتبوو.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 16ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) ئاژانسی تەسنیم رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران توانیویەتی لە ئاوی کەنداودا دەست بەسەر کەشتییەکی بیانیدا بگرێت کە بڕی 1.45 مليۆن لیتر سووتەمەنی قاچاغی هەڵگرتبوو. تەسنیم کە ئاژانسێکی نیمچەفەرمی حکومەتی ئێرانە، روونیشیکردووەتەوە بێجگە لە کەشتییەکە، کەشتییوان و تەواوی ستافەکەشی دەستبەسەرکراون.
ئێران لە وشکایی و دەریادا دەستی بە پڕۆسەی نەهێشتنی بەقاچاغبردنی نەوت لە ناوچەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی کردووە، بەهۆی ئەوەی نرخی نەوت لەو ناوچەیە لە هەموو جیهان هەرزانترە و ئێران دەیەوێت لەم رێگەیەوە پشتگیری لە نرخ و پاشەکشەی بێسنووری بەهای دراوەکەی بکات.