کوردستان24 چیرۆکی کچێکی 15 ساڵی کەرکووک بڵاودەکاتەوە کە لە مزگەوتێک داڵدەدراوە

وێنەی کچەکە بۆ کوردستان24 قسەدەکات
وێنەی کچەکە بۆ کوردستان24 قسەدەکات

K24 - هەولێر:

کچێکی 15 ساڵان بە گوتەی خۆی نزیکەی پێنج ساڵە لەلایەن دایک و باوکییەوە بە کێبڵ و دار ئەشکەنجە دراوە و سووکایەتی پێکراوە، تاکو دواجار لە ماڵەوە دەریانکردووە و بۆ ماوەی سێ رۆژ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی گەڕەکی ئازادی شاری کەرکووک ماوەتەوە و  دواتر رادەستی پۆلیس کرا.

کوردستان24 قسەی لەگەڵ دایک و باوکی ئەو کچەدا کردووە و ئەوان ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن کچەکەیان خۆی لە ماڵ دەرچووە. دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم کچە لە کەناڵی کوردستان24، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک هاتە سەر هێڵ و کەیسی ئەم کچەی لە ئەستۆ گرت و رادەستی پۆلیسی کۆمەڵایەتی کرا.

لەمبارەیەوە کچە ئەشکەنجەدراوەکە بە کوردستان24 راگەیاند، کاتێک گەڕاوەتەوە ماڵەوە ئەشکەنجەی توند دراوە و رۆژانە دووبارە بووەتەوە، دواجار دایک و باوکی چوونەتە دەرەوە و بەگوتەی خۆی باوکی پێی وتووە "با بگەڕێمەوە بزانە چ کارێکت پێ دەکەم!" دوابەدوای ئەو هەڕەشەیە خۆی لە پەنجەرەیەکی ماڵەکەیان هەڵداوە و دەرباز بووە و پاشان خۆی گەیاندووەتە مزگەوتی ئازادی و دوای مانەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ لە مزگەتەکە، مامۆستای مزگەوتەکە پۆلیسی لی ئاگادارکردووەتەوە.

سۆران ئەحمەد، مامۆستای مزگەوتی ئازادی لە شاری کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر ماڵێک ئەگەر کێشە و گرفتیشی تێدابێت، نابێت بگاتە ئەو ئاستەی منداڵەکەی دەربکات یان رێگەی پێ بدات بڕوا و لە سۆراغی نەپرسێتەوە. گوتیشی، دوای ئەوەی کچەکە هاتووەتە لای ئەوان شوێنێکیان بۆ دۆزیوەتەوە و لە شوێنێک دایانناوە و دواترلایەنە پەیوەندیدارەکانیان لێ ئاگادارکردووەتەوە.

کوردستان24 پەیوەندی بە چیا عەبدولڕەحمان، دایکی کچەکەوە کرد و رەتی کردەوە کچەکەیان دەرکردبێت، بەڵکو وەک لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت، کاتژمێر یەکی شەو ماڵەوەی بەجێهێشتووە. گوتیشی "پێشتر دزیکردووە و هاوڕێی کوڕی هەبووە، بۆیە ئەشکەنجەمان داوە" هەروەها  چیا عەبدولڕەحمان رایدەگەیەنێت، کێشەکە خێزانییە و ئامادەن کچەکەیان بەخێو بکەن، بەڵام کچەکە ئامادە نییە بگەڕێتەوە ماڵەوە.

لەلای خۆیەوە، لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک تایبەت بە  کوردستان24ـی راگەیاند، کچەکەیان وەرگرتووە و هەوڵیان داوە بارودۆخی چارەسەربکەن، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ کەسوکارەکەی دانیشتوونە و لە ئێستادا هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لایەنی دەروونی ئارام بکەنەوە و دواتر بڕیار دەدەن کە ئایا بگەڕێتەوە ماڵەوە یاخود بۆ شوێنێکی تایبەت بیگوازنەوە.

ئەم کچە لە سەرەتای ژیانیدا و بۆماوەی 10 ساڵ لەگەڵ ماڵی نەنکی ژیاوە، دوای کۆچی دواییە نەنکی دەگەریتەوە لای دایک و باوکی، وەکو خۆی دەڵێت، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لەلایەن دایکی و باوکییەوە بە کێبڵ و بەدارئەشکەنجەی توند دراوە و سووکایەتی پێکراوە. ئەم خێزانە جگە لەم کچە، دوو منداڵی دیکەیان هەیە و باوکیان لە یەكێک لە دەزگا ئەمنییەکانی شاری کەرکووک کارمەندە.