بەڕێوەبەری پەروەردەری سلێمانی: وەبەرهێنێک دەیەوێت زەوی ئامادەیی بەکرەجۆ بکاتە پرۆژەی نیشتەجێبوون
پەروەردەی سلێمانی رەتیدەکاتەوە زەوی ئامادەیی بەکرەجۆ بکرێتە پرۆژەی نیشتەجێبوون
K24 - هەولێر:
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەیەکە نووسراو بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی دەکرێت کە دەیانەوێت زەوی ئامادەیی بەکرەجۆ بکرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون و ئەوانیش نوسراوەکان رەتدەکەنەوە.
دڵشاد عومەر بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئەمرۆ سێشەممە (18ـی4ـی 2023) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نووسراویان بۆ کراوە کە وەبەرهێنەرێک دەیەوێت 182 دۆنم زەوی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ بکاتە شوێنی نیشتەجێبوون بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوە.
دڵشاد عومەر ئاشکرای کرد، وەبەرهێنێک دەیەوێت زەوی ئامادەیی بەکرەجۆ بکاتە پرۆژەی نیشتەجێبوون، گوتیشی: دڵنیام پشتوپەنای هەیە.
بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: زەوییەکە وەک خۆی ماوە و دەیکەنە کۆمەڵگەیەکی پیشەیی تا خزمەتی خوێندکاران بکات، هەروەها دیزاینی پرۆژەکەش تەواو بووە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا نەتوانراوە بکرێتە بینا.
دڵشاد عومەر ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەیی سەرچنار کە لە ساڵی 1964ـەوە خزمەت دەکات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وەرزشی کە لەساڵی 1964ـەوە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی تاپۆیە، داوا دەکرێن بکرێتە شوێنی گەشتیاری بەڵام ئەوەشیان رەتکردووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە گەڕەکی بۆگەنە سێ دۆنمیان هەیە، داوای ئەو سێ دۆنمەش کراوە بەڵام دیسان ئەوەشیان رەتکردووەتەوە.
بە گوتەی دڵشاد عومەر، هەندێک قوتابخانە هەیە کە شوێنەکانیان ستراتیژییە و لەسەر شەقامی گشتییە، وەبەرهێنەران داوادەکەن لاببرێن و بخرێنە ناو پرۆژەکەیانەوە بەڵام ئەوەشیان هەر رەتکردووەتەوە.
بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی جەختیکردەوە، لەمەودوا هەرکەسێک بۆ هەر مەبەستێک داوای لەوشێوەیان لێبکات لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بڵاویدەکەنەوە تا بۆ هەموو خەڵک ئاشکرابێت.
دڵشاد عومەر لە کۆنفراسەکەدا گوتیشی، پێشتر هەندێ رێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ رێگریکردنی لە داگیرکردنی زەوی کە جێی دڵخۆشی بوو بەڵام ئەوە کەفوکوڵێک بوو نەما!.
ئاشکراشیکرد، هەندێک لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوەندی خوێندنی تێدا نییە کە دەبوو تێیاندا دروستبکرێت بەڵام نەکراوە و هەندێکیشیان دەبێت قوتابخانەی حکومی بێت کەچی کردوویانەتە ئەهلی.
هەروەها دوێنی دووشەممە، ژمارەیەک هاووڵاتی لەسەر ڕێگەی سلێمانی- تاسوڵوجە گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوەکرد،2300 دۆنم زەوییان داگیرکراوە و کراوەتە پرۆژەی نیشتەجێبوون و پێشەنگای ئۆتۆمبێل.
ئاماژەیان بەوەشدا، بریاربوو قەرەبووبکرێنەوە بەڵام ساڵێک و شەش مانگە چاوەڕێن و بەشێکیان قەرەبووکراونەوە و بەشێکیشیان هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە