نێچیرڤان بارزانی: چاكسازی و یاساكانی مستەفا زەڵمی لە كوردستان و عێراق زیندوون
چلەی ماتەمینی مستەفا زەڵمی لە ھەولێر بەڕێووەچوو
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر مەراسیمی چلەی ماتەمینی مستەفا زەڵمی زانای كورد بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی بەڕێوەچوو.
لە میانی بەشداریكردنی لە چلەی ماتەمینی مستەفا زەڵمی، نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راگەیاند: "ئەركی ھەموو خەڵكی كوردستان و جیھانی ئیسلام و زانست پەروەرانە و پێشكەوتووخوازانە رێز لە خزمەتە زانستییەكان و یاد و یادەوەرییەكانی مامۆستا مستەفا زەڵمی بگرین، ھەروەھا ئەركی من و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە رێز لەو زانا فرە بەرھەمەی نەتەوەكەمان بگرین، خۆشحاڵم كە من بوومە ھۆی ئەوەی بگەڕێتەوە كوردستان و لێرە بمێنێتەوە، ئەوكات پێم گوت مەگەڕێوە بۆ بەغدا لە كوردستان زۆر پێویستیمان پێتە ئەویش داواكارییەكەی قبوڵ كرد".
سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: "ئەمڕۆ مامۆستا زەڵمی بە جەستە لەناوماندا نییە، بەڵام ھەموو چاكسازییەكانی ئەو لە یاساكانی ھەرێمی كوردستان لەبارەی مافەكانی ئافرەتەوە بۆ خەڵكی كوردستان و عێراقیش زیندوون، تێگەیشتنە زانستیەكانی لەناوبیری ئێمەدان و زیاتر لە 60 كتێب و لێكۆڵینەوەی لەناو كتێبخانەی ماڵەكانمان و كوردیی و ئیسلامی جێھێشتووین، ھەروەھا ھەندێك لە كتێبەكانی لە زانكۆكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بوونەتە پڕۆگرامی خوێندن و رۆڵەكانی ئەو میللەتانەی پێ پەروەردە دەبن".
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ھەموو میللەتێك شانازی بە زانایانی دەكات، مامۆستا مستەفا زەڵمی یەكێكە لەو زانایانەیە كە نەتەوەی كورد ھەمیشە شانازی پێوە بكات، مامۆستا زەڵمی جوڵاندنێكی فیكری گەورەی دروستكرد لە تێگەیشتنی فراوان و زانایانە لە ئاین".