لەکاتی خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا بە بەهای 25 هەزار یۆرۆ زێریان لە فرۆشگایەک دزی
K24 - هەولێر
پۆلیسی فەرەنسا بەدوای دوو کەسدا دەگەڕێت، کە لە کاتی ناڕەزایەتیەکان دژی چاکسازییەکانی خانەنشینی، بە بڕی 25 هەزار یۆرۆ، لیرەو قالبی زێریان لە فرۆشگایەکی زێڕدا دزیوە.
رۆژی شەممەی رابردوو، 15ی نیسان 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، یاسای چاکسازیی خانەنشینی واژۆکرد بۆ بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ، ئەمەش توڕەیی لە سەرانسەری وڵاتەکەی زیاتر کرد.
بە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی خۆپیشاندەران، لە شاری رینی رۆژئاوای فەرەنسا، فیلیپ ئاسترۆک، داواکاری گشتی شارەکە، گوتی: "بەڕێوەبەری فرۆشگایەکی زێڕ لەو کاتەی لە نهۆمی خوارەوە بووە، گوێی لە جەنجاڵییەک بووە لە نهۆمی سەرەوە"، دەشڵێت، "لەکاتێکدا خۆپیشاندەران لە دەرەوە دەڕۆیشتن، تێبینیم کرد کە سێ پەنجەرەی دوکانەکە شکاوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک دەرگاکەی کردەوە بۆ پشکنینی فرۆشگاکە، دوو کەس هێرشیان کردووەتە سەر فرۆشگاکە، تەکێکیان لیرەو قالبی زێڕی دزیبوو، ئەوەی دیکەش هاوکاری دەکرد.
ئەو زێڕانەی دزەکان بردوویانە، بە بەهای 25 هەزار یۆرۆ بووە، دواتر ئەو دووکەسە شوێنی رووداوەکەیان بەجێهێشتووە.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، زیاتر لە هەزار کەس بەشدارییان لەو خۆپیشاندانانەدا کردووە کە رۆژی شەممە لە شاری رین بەڕێوەچووە، دواتر پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس روویدا.
ناتالی ئابێری، سەرۆکی شارەوانی شاری رین بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، ناوەندی شارەکە لەکاتی پێکدادانەکان تاڵان کراوە.