پۆلیسی کەرکووک تۆمەتبارێکی کردەوەکەی شەوی رابردووی دەستگیرکرد

کارمەندێکی پۆلیسیان بریندارکردووە و ویستویانە تەقینەوە لە بازاڕی پەنجاعەلی ئەنجامبدەن

K24 - کەرکووک

پۆلیسی کەرکووک تۆمەتبارانی کردەوەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی پەنجاعەلی دەستگیرکرد، کە تەقەیان لە مەفرەزەیەکی پۆلیس کرد و بەوهۆیەوە پۆلیسێک بەسەختی برینداربوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵیاندابوو لەنێو بازاڕی پەنجاعەلی بۆمبێک دابنێنن.

لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند: "ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە تیرۆستانی داعش بوونە و یەکێکە لەوانە سەرکردەیەکی باڵای داعش بووە لە سنووری کەرکووک".

شەوی رابردوو دوو کەس بە ماتۆڕسکیل تەقەیان لە کارمەندێکی پۆلیس کرد و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، هاوکات ویستویەتی لەنێو بازاڕی گەڕەکی پەنجاعەلی لە رێگەی بۆمبێکەوە تەقینەوە ئەنجامبدات. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 ئەو دوو کەسە کاتێک سەرقاڵی دانانەوەی بۆمب بوونە لەنێو بازاڕی پەنجاعەلی، کارمەندەکەی پۆلیس بەرەو روویان چووە، ئەوانیش تەقەیان لێکردووە و کوشتویانە.

،