تیکتۆک بەهۆکاری خۆکوشتنی هەرزەکاران تۆمەتباردەکرێت

K24 - هەولێر

دایکی هەرزەکارێکی ئەمەریکی پێی وایە هۆکاری خۆکوشتنی کوڕەکەی لە ساڵی رابردوو، بەهۆی ئەو ڤیدیۆیانە بووە کە لە تیکتۆک بینیویەتی.

ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، چاییز ناسکا، تەمەن 16 ساڵ، کە خەڵکی نیویۆرکە، لەسەر سکەی شەمەندەفەر خۆی کوشتووە، کاتێک ئەو هەرزەکارە خۆی کوشتووە، دایکی منداڵەکە بۆ ئەوەی بزانێت هۆکاری خۆکوشتنەکەی چییە، پشکنینی بۆ مۆبایلی منداڵەکەی کردووە.

دایکەکە دوای دۆزینەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە ئەپڵیکەینی تیکتۆکەکەی بووە، تووشی شۆک بووە، چونکە زۆربەیان لەسەر خەمۆکی و نائومێدی و مردن بوونە.

بۆیە دایک و باوکی ئەو گەنجەی خۆی کوشتووە لە دادگای نیویۆرک سکاڵایان لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار کرد.

هەرچەندە ناسکا لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بەڵام ئەکاونتەکەی هێشتا چالاکە و پڕە لە ڤیدیۆی تایبەت بە خۆشەویستی بێ وەڵام و نائومێدی و ئازار و خۆکوشتن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ڤیدیۆیەک لە ئەکاونتەکەیدا دەرکەوتووە، کە پێش مردنی  شەمەندەفەرێکی بەرامبەری پیشان دەدات بە ناونیشانی "چووم بۆ پیاسەیەکی خێرا بۆ ئەوەی خۆم بکوژم"، دوای پێنج رۆژ ناسکا چووە سەر هێڵی شەمەندەفەرەکە و خۆی کوشتووە، هەروەها پەیامێک بۆ هاوڕێکەی دەنێرێت و دەڵێت، "ببورە ئیتر ناتوانم بەرگە بگرم".

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای "بایتدانس" کە خاوەنی تیکتۆکە دووپاتیکردەوە کە پابەندە بە دڵنیابوون لە سەلامەتی و پاراستنی بەکارهێنەرانی، تیمێکی تایبەتمەندی هەیە کە پێداچوونەوە بە ڤیدیۆکان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە منداڵانی خوار تەمەنی یاساییەوە هەیە و ناوەڕۆکی زیانبەخش لادەبات.

ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە کە "تیکتۆک" بەهۆی تۆمەتی سیخوڕی و رێزنەگرتن لە تایبەتمەندییەکان رووبەڕووی مشتومڕی سیاسی دەبێتەوە.

لە راپۆرتەکەی بلومبێرگدا باس لەوە دەکات، کە ئەو ئەپڵیکەیشنە دەروونناسانی نیگەران کردووە کە گومانیان هەیە لەوەی پەیوەندییەک لە نێوان تیکۆک و زیادبوونی خەمۆکی و ئارەزووی زیانگەیاندن بە مرۆڤ و  خۆکوشتن هەبێت.

Fly Erbil Advertisment