لەبارەی پەتای منداڵان هۆشداری دەدرێتە دایک و باوکان
K24 - سلێمانی
لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان پەتایەک لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە، پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان و نەخۆشیە گواستراوەکان، هۆشداری دەداتە دایک و باوکان لەکاتی بوونی ئەو نیشانانە منداڵەکانیان بە زووترین کات بگەیەننە نەخۆشخانە و لای دکتۆری پسپۆڕی منداڵان.
د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، لە سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، بەشێک لە نیشانەکانی ئەو پەتایە بریتیە لە تا و سەرئێشەی زۆر، مل رەقبوون، رشانەوە، گریانی زۆر، کەم خواردن و گەشکە، هەر دایک و باوکێک کە هەستی کرد منداڵەکانی ئەو نیشانانەی هەیە پێویستە بەزووترین کات بگەیەندرێتە نەخۆشخانە منداڵان و دکتۆری پسپۆڕی منداڵان بیبینێت، چونکە ئەگەر جۆرەکەی بەکتریا بێت لێکەوتەی خراپی دەبێت، بەداخەوە هەندێک جار دایک و باوکان منداڵەکانیان دەبەن بۆ دەرمانجانە و عیادەکانی لاکۆڵان یان پزیشکی گەورەکان کە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ئەمەش گیانی منداڵەکەیان دەخاتە مەترسییەوە و ساڵانە چەندین قوربانیمان هەیە، یان دوایان خستووە یان بردویانەتە لای دکتۆرێک کە پسپۆڕی ئەو نەخۆشیانە نییە".
سەبارەت بە رێگەکانی گواستنەوەی ئەو پەتایە د. پشدەر کە خۆی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان و نەخۆشییە گواستراوەکانە روونیکردەوە، کۆکە، ماچکردن، پژمین، دەست لێدان، بەکارهێنانی کەوچک و قاپ، خاولی و خەوتنی دوو منداڵ لە یەک ژوو کە یەکێکیان ئەو پەتایەی هەبێت.
ئەو پەتایە لەنێو منداڵانی پارێزگای هەڵەبجەش بڵاوبووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە تیمێکی پزیشکی ئێرانی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەڵەبجە بکەن. لەوبارەوە د. پشدەر ئاماژەی بەوەکرد کە پەتایەکە لە کۆنترۆڵی ئەوان دەرنەچووە و تیمەکانیان ئاستی زانستیان باشە.
دەشڵێت: "ئێمە دەمانەوێت زنجیرەی پەتایەکە دیاری بکەین، ئەگەرنا زۆربەی تووشبووەکان ڤایرۆسین، پێویستمان بە هەندێک ئامێری پزیشکییە، ئەگەرنا دڵنیام ئەو تیمەی کە دێت ئاستی زانستیان بە قەد تیمەکانی ئێمە بەرز نەبێت، ئەوەی ئێستا پێویستمانە هەندێک پشکنینی تاقیگەیە، بۆ ئەوەی جۆری زنجیرەکە دیاری بکەین، چونکە پێدەچێت ئەم جارە زنجیرەکە جیاوازتر بێت لەگەڵ پێشووتر، ئەگەرنا هیچ نەخۆشێک گیانیان لەدەستد نەداوە و هیچیشیان لێکەوتەی خراپیان بەسەرەوە نەبووە، بەڵکو بە تەندروستی باشەوە گەڕاونەتەوە ماڵەوە".
لەبارەی ئامۆژگاری دایک و باوکان، د. پشدەر ئاماژەی بەوەدا، نابێ هێندە لە نەخۆشی بترسن کە بتۆقێن و هێندەش بێباک نەبن کە هیچ ترسێکتان نەبێت، ئەو نەخۆشییە ئەگەر چارەسەر نەکرێت لێکەوتەکانی خراپە.