پرسەنامەیەک لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە
"مامۆستا ئەحمەد لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە، خزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەب و پەرتووکخانەی کوردی کردووە"
K24 - هەولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی نووسەر و وەرگێڕ ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی چیرۆکنووس و وەرگێڕ و نووسەری ناوداری کورد مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل-م بیست.
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: مامۆستا ئەحمەد لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە، خزمەتێکی زۆری بە زمان و ئەدەب و پەرتووکخانەی کوردی کردووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و کەسوکار و هاوڕێ و دۆستانی دەکەم و هاوخەمیانم. خوای دلۆڤان گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت.