دادگای هۆڵەندا 'سپێرم بەخشین' لە پیاوێک قەدەغە دەکات

K24 - هەولێر:
ڕۆژی هەینی، دادگای هۆڵەندا هۆشداریدا بە هاوڵاتییەک کە چیتر بۆی نییە "سپێرمەکەی ببەخشێت" بە خەڵکی بەهۆی زۆری ئەو منداڵانەی تا ئێستا لەو پیاوەوە هاتوونەتە دونیاوە.
جۆناسان مایەر، پیاوێکی تەمەن 41 ساڵی هۆڵەندییە و ماوەی چەند ساڵێکە خەریکی بەخشینی سپێرمەکەیەتی بە ئەو تاقیگانەی کە هاوکاری ئەو ژن و مێردانە دەکەن کە منداڵیان نابێ.
باوەڕوایە، تاوەکو ئێستا لە نێوان 500 بۆ 600 منداڵ لە سپێرمی ئەو پیاوەوە هاتبنە دونیاوە.
دادگا بڕیاری داوە لە ئەگەری سەرپێچیکردن بۆ هەرجارێک 100 هەزار یۆرۆ (110 هەزار دۆلار) سزای ئەو پیاوە بدات.
هەروەها دادگاکە داوای لە مایەر کردووە، داوا لە تاقیگەکان بکات چیتر سپێرمەکانی ئەو بەکارنەهێنن، مەگەر تەنها بۆ ئەو ژن و مێردانە نەبێ کە پێشتر منداڵێکیان لەو هەبووە.
بڕیارەکەی دادگا دوای سکاڵایەکی ڕێکخراوێک هات کە کاردەکات بۆ پاراستنی مافی ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی سپێرمی بەخشراو لە دایکبوون. ئەو ڕێکخراوە نیگەرانی لەوە دەربڕیەوە ئەو کارەی پیاوەکە دەبێتە هۆی لەمپەردروستکردن لەبەردەم ئایندەی منداڵەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندی سێکسی لە ترسی ئەوەی نەوەک یەکێک لەوانە لە ڕووی بایەلۆجییەوە خوشک و برای یەکتر بن.
لە ساڵی 2017، ئەو پیاوە بەخشینی سپێرمی لە هۆڵەندا لێ قەدەغە کرا، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە کارەکەی لە دەرەوەی وڵات. بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی، ئەو بەخشەرە ناوی جیاوازی بەکارهێناوە لە پێگە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بەخشینی سپێرمەکەی.
سەرچاوە: رویتەرز