بڵێسە جەبار فەرمان: هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی بەغدا پشکی هەرێم له‌ بودجه‌دا نه‌نێرێت

بڵێسە جەبار فەرمان
بڵێسە جەبار فەرمان

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پەرلەمانی عێراق زۆر دواکەوتووە و هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان نه‌نێرێت.

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سه‌ركردایه‌تی یەکێتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی بەغدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری نەکات و نەینرێت.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، پەسەندکردنی بودجە لە پەرلەمان زۆر دواکەوتووە و هەموو هەوڵێکی ئەوانیش جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی گشتی عێراق.

رۆژی (4ـی نیسانی 2023) رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژووکرا.

بەپێی رێککەوتنەکەش، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی لە هەژمارێکی بانکی تایبەتدا هەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.