عەبدولسەلام بەرواری: هەندێک لایەن دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروستبکەن

عەبدولسەلام بەرواری
عەبدولسەلام بەرواری

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی شاندی دانوستکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردن جەختی لەوەکردەوە، پارتی بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە و بەڵام هەندێک لایەن دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروستدەکەن.

عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر8ــی کوردستان24، جەختی لەوەکردەوە، هەڵبژاردن پێویستە لە کاتی خۆیدا بکرێت و پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ناترسێت.

باسی لەوەشکرد، هەندێک لایەن دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردن دروستبدەکەن و ناینەوێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدابکرێت.

بەرواری ئەوەشی خستەروو، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی نوێنەرایتییەکانی وڵاتان جەختی کردوە کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانە و پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.

ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی بۆ هەڵبژاردن راشیگەیاند، دیموکراسی هیچ مانایەکی نابێت ئەگەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت.

سەبارەت بەو بارودۆخەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، عەبدولسەلام بەرواری، گوتی: "ئەو بارودۆخەی ئێستا بەردەوام بیت ئومێدم نییە هەڵبژاردن ئەنجامبدریت".

هەروەها گوتیشی: " پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەدا بڕیار بدات و بڵێت، پێویستە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت، رەوایەتی پێبدات و لاری نەبێت".